tg-me.com/lawlaw1400/971
Last Update:
کتێبی بەرخۆڵە نووسراوەی ڕەسووڵ ڕەشئەحمەدی
پێشەکی: مامۆستا هێمن
بەدیار لاپەڕەکانی ئەم کتێبەوە چەند کاتژمێرێکم ڕابوارد. کتێبێک کە لەسەر ڕووبەرگەکەی نووسراوە چیرۆک بۆ منداڵان و هانی دام بۆ خوێندنەوەی.
چیرۆکەکە وەرگێڕان نا کە وەرگیرانێکی ئازادە لە چیرۆکێکی عەزیز نەسین کە کۆمەڵەچیرۆکیشی هەر بەم ناوە هەیە بە وەرگێڕانی چەند وەرگێڕی فارس وەک ڕەزا هەمڕاە، سەمین باخچەبان و ... لە ژێر ناوی( برەای کە گرگ شد، گوسفندی کە گرگ شد).
ئەم چیرۆکە بە شێوازی ڕێئالی جادوو نووسراوە و تەشەر و ئیعتڕازێکی ڕامیاری- کۆمەڵایەتییە کە کەسیەتییە سەرەکییەکانی، بەرخۆڵە و دایکی بەرخۆڵە (شەکۆڵە) و شوانی بێڕەحمە. بەرخۆڵەیەک کە زەبر و زەنگ و جەوری نابەجێی شوان وایلێدەکا ببێتە گورگێکی دڕندە و ترسێنەر و بۆ تۆڵەساندنەوەی خوێنی دایکی کە لە ژێر ئەشکەنجەی شواندا کووژراوە مەسخ بێت و ببێتە گورگ و لە کۆتاییشدا بە کوشتنی شوان و ڕزگاری مەڕەکان بە دەست بەرخۆڵە و گەییشتن بە ئازادییەکی سەمەرە بەڵام چێژبەخش کۆتایی بە داستان دێت.
بگێڕەوەی زانای هەمووشتێ زان لە ڕەوایەتێکی خەتیدا بەم ئاکامەمان دەگەیەنێ کە بەرخ هەر لە ژێر سەوتەدا نامێنێ!
بە گورگبوونی مەڕەکە هەندێ کەم کاری بۆ کراوە و باش باوەڕناکردرێ بۆ بەردەنگ.
دیارە ئەم چیرۆکە هەڵگری باس و خواسێکی زۆرە بەڵام وەک خۆم بە چیرۆکی منداڵانم وەرنگرت تەنانەت مێرمنداڵانیش. پێشەکییەکەی مامۆستا، هێمن کە لەسەر نووسەر و فۆلکلۆر و... دەیکا ناچێتە خانەی ئەدەبی منداڵەوە، زمانی چیرۆک زۆر تۆخ و پڕاوپڕی وشەی ئارکائیک و ڕەسەن و قورسە و دوور لە زمانی باو و سەردەمە( دەبێ لەبیرمان بێ جەغزی وشەی منداڵ کەمە و بۆ بردنەسەرێی ئەم ئاستە هێواش هێواش و هەر دەقە و شێعر و چیرۆکێ یەک و دوان ئەم کارە ڕادەسێ، نەک لە چیرۆکێکی کورتدا پتر لە سەد وشەی ئەوها بخەینە مێشکی منداڵەوە. لەبیریشمان بێ کە چێژبەخشین لە ئەدەبی منداڵدا بە گشتی و لە چیرۆکی منداڵدا بە تایبەتی ڕۆڵی یەکەم دەگێڕێ و ئەوانی دی وەک لایەنی فێرکاری و زانستی و زمان وهتد دەکەونە پاش ئەوەوە).
نیگارەکان ڕێئاڵ و بێڕەنگ، چاپێکی پڕهەڵەی ڕێنووس و ڕێزمانی، بێمەودا و بێجوانکاریش ڕێژەی بە ئەدەبی منداڵکردنی ئەم بەرهەمە زیاتر دادەبەزێنێ.
کتێبێکی باش کە دەکرێ لە نووسینەوەیەکی دووبارەدا بە هەندێ گۆڕانکارییەوە( بەتایبەت لە باری زمانییەوە) و هەروەها بەردنەسەرێی ئاستی کەڵەجانی ڕووداوەکان و خەیاڵاویترکردنی وەک چیرۆکی منداڵ وەرگیرێ.
سڵاو لە ڕووحی مامۆستایان، ڕەشئەحمەدی و هێمن.
لەیلا بەهرامبەگی "لاولاو"
https://www.tg-me.com/us/لاولاو/com.lawlaw1400
BY لاولاو
Share with your friend now:
tg-me.com/lawlaw1400/971